خۆرهه‌ڵات نیوز: سه‌ره‌نجام پاش چه‌ند مانگ ململانێ له نێوان دوو باڵه‌که‌ی ناو کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، ئه‌مڕۆ باڵی که‌مینه‌ی ناسراو به ره‌وتی ریفۆرم و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵه، جیا بوونه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند. له راگه‌یاندراوی ره‌وتی چاکسازی و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵه دا که وێنه‌یه‌کی به ده‌ست خۆرهه‌ڵات نیوز گه‌یشتووه نووسراوه: ئێَمه له‌وڕۆ به دواوه له ژێر ناوی "کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران_ره‌وتی چاکسازی و گه‌شه" وه‌ک حیزبێکی جیاواز کار ده‌که‌ین و ئه‌وه‌شمان به هاورێیانی به‌رابه‌رمان راگه‌یاندوه. ئێستاش رایده‌گه‌یه‌نین که ئێمه ئاماده‌ین جۆرێک له کاری هاوبه‌ش و نزیک له ئاڵقه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا مه‌ودای بۆ بڕه‌خسێ تا به‌ڵکوو ببێته هه‌وێنێک بۆ فراوان کردن و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو باڵه‌کانی کۆمه‌ڵه و ره‌وتی چه‌پ و رزگاریخواز له کوردستاندا. ده‌قی راگه‌یاندنی ره‌وتی گه‌شه و چاکسازیی کۆمه‌ڵه راگه‌یاندنی کومیته‌ی رێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵه_ره‌وتی چاکسازی و گه‌شه، سه‌باره‌ت به: دوا ئه‌نجامی کێشه ناوخۆییه‌کانی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان! هاورێیانی کۆمه‌ڵه، ئازادیخوازان، روناکبیران و چالاکوانانی سیاسی! هه‌موتان له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردودا له رێگای ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و له کۆڕ و کۆمه‌ڵه جۆراوجۆره‌کاندا، ئاگاداری ململانێی سیاسی و رێکخراوه‌یی و کێشه ناوخۆییه‌کانی کۆمه‌ڵه بون، پێوه‌ی ماندوو بون و خه‌متان پێوه خواردوه. بۆیه به پیویستمان زانی له ئه‌نجامی ئه‌و کێشانه که دوو ساڵه به‌رده‌وامه، ئاگادارتان بکه‌ینه‌وه و نه‌زه‌ری خۆمانتان پێڕابگه‌یه‌نین . زیاتر له ساڵونیوێکه که به‌شێک له ده‌فته‌ری سیاسی به هه‌موو شێوازێکی ناره‌وا بۆ که‌مده‌ست کردن و وه‌لانانی موخالیفینی ته‌شکیلاتی و سیاسی تێده‌کۆشێ و له ته‌گه‌ره‌خستنه سه‌ر رێگای ئه‌و ئۆرگانانه‌ی وا به ده‌ست خۆیانه‌وه نه‌بوون درێغیان نه‌کرد. به تایبه‌تی هه‌ر دوابه‌دوای یازده‌هه‌مین کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵه‌دا، به حوکمی زۆرینه‌یان له کومیته‌ی ناوه‌ندییدا، هێرشێکی به‌ربڵاویان بۆ وه‌لانان، ئه‌ستاندنه‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی و پاکتاوکردنی ره‌خنه‌گرانی نێو ته‌شکیلات ده‌ست پێ‌کرد و له هیچ چه‌شنه بڕیارێکی ناشه‌رعی و دور له هه‌موو نه‌ریتی ناو کۆمه‌ڵه خۆیان نه‌پاراست. به بڕوای ئێمه به‌ستنی کۆنگره‌یه‌کی جیناحی و ناشه‌رعی له لایه‌ن باڵی ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌وکات، سه‌ره‌رای به‌شداری نه‌کردنی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ته‌شکیلات و مه‌نعی هه‌موو دڵسۆزان و دۆستانی کۆمه‌ڵه، هه‌ر درێژه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته پاوانخوازانه بوو. به‌ستنی وه‌ها "کۆنگره‌یه‌ک"، له راستیدا بڕیاری که‌رت کردن و ئینشیعاب له کۆمه‌ڵه بوو. ئێمه هه‌رچه‌ند پێشوتر له راگه‌یاندنێکدا نه‌زه‌ری خۆمان سه‌باره‌ت به‌و کۆبونه‌وه جیناحییه ده‌ربڕی و ئه‌وه‌مان به خه‌تایه‌کی سیاسی و مه‌ترسیدار زانی، به‌ڵام بڕیارماندا ئاخرین حه‌ولی خۆمان بۆ دیالۆگ نه‌پسێنین و بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی جارێکی دیکه‌ی ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه تێ‌بکۆشین. دۆستان و دڵسۆزانی کۆمه‌ڵه‌و به تایبه‌ت لایه‌نی سێهه‌میش حه‌ولی خۆیان بۆ درێژه‌ی دیالۆگ چڕتر کرده‌وه و له ئه‌نجامدا رۆژی 27. 8 . 2007 به به‌شداری لایه‌نی سێهه‌م رێککه‌وتننامه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی بۆ دیالۆگێکی دوو حه‌وتویی له لایه‌ن هه‌موانه‌وه په‌سه‌ند کرا و هه‌ندێک ته‌وافوقی دیکه‌ش کران که وه‌ک حوسنی نییه‌ت بۆ ئه‌نجامی ئه‌و دیالۆگه چاوی لێده‌کرا. به‌ڵام تا رۆژی 10 مانگی سیپتامبر که ئاخرین مۆڵه‌تی دیالۆگه دوو حه‌وتوییه‌که بوو، نه‌ک هه‌ر هیچ هه‌نگاوێک له لایه‌ن هاورێیانی پێڕه‌وی "کۆنگره12"، بۆ کارهاسانی له رێگای وه‌ها دیالۆگێک ئه‌نجام نه‌درا، به‌ڵکوو تا توانیان له‌م ماوه‌دا ره‌فتار و کرداری دور له سوننه‌تی کۆمه‌ڵه و بێگانه له‌گه‌ڵ هاوخه‌باتی هاورێیانه‌یان، زیاد کرد. ته‌نانه‌ت که‌وتنه نانبڕین و گوشارخستنه سه‌ر پێشمه‌رگه و ژن و منداڵیان. رۆژی 10 سێپتا‌مبر ئاخرین کۆبوونه‌وه و ئاخرین مۆڵه‌تی ئه‌م دیالۆگه دوو حه‌وتوییه به به‌شداری لایه‌نی سێهه‌م بوو، ئه‌وان زۆر دڵسۆزانه خوازیاری ئه‌وه بوون که رێگایه‌ک بۆ پێکه‌وه‌مان بدۆزرێته‌وه. ئاکامی دانیشتنه‌که بوو به‌وه که هه‌موو لایه‌ک قبوڵمان کرد که رێگا چاره‌کان لێک دورن. سه‌ره‌نجام لایه‌نی سێهه‌م داوای کرد که: "هه‌رتک لا یه‌ک حه‌وتووی دیکه راوه‌ستین و جیایی رانه‌گه‌یه‌نین و ئاخرین قسه‌ی خۆمان به نوسراو بده‌ینه ئه‌وان و دوای ئه‌م یه‌ک هه‌فته‌یه گه‌ر گۆڕانیک له بڕیاری هیچ لایه‌کدا نه‌بوو، هه‌رچه‌ند پێمان ناخۆشه و پێی دلگرانین، به‌ڵام له گه‌ڵتان له حه‌ولدا ده‌بین بۆ جیاییه‌کی برایانه و شارستانیانه". ئێمه ئاخرین رێگا چاره و نه‌زه‌ری خۆمان به نوسراو نارد بۆ لایه‌نی سێهه‌م و بڕیارمان دا که زیاتر له‌و هه‌فته‌ش وا داندرابوو، رابوه‌ستین و هێمنایه‌تی خۆمان بپارێزین. به پێچه‌وانه هاورێیانی به‌رابه‌رمان له هه‌موو ده‌رفه‌تێک که‌ڵکیان وه‌رگرت تا گرژی له ناو ئوردوگاکان دورست بکه‌ن و هه‌ر له رۆژی دوای کۆبونه‌وه‌ی 10 سێپتامبره‌وه ده‌ستیان کرد به پلان دانان بۆ شه‌ڕه تێڵا و پێکدادانی فیزیکی و چه‌ندین جار هێرشیان کرده سه‌ر هاورێیانێک که تاک ده‌که‌وتنه‌وه، ته‌نانه‌ت یارمه‌تی متنگانه‌ی به‌شێک له هاورێیانیان بڕی. هه‌موو حه‌ولی خۆیان وه‌گه‌ڕ خست تا رێگا خۆش بکه‌ن بۆ ئاژاوه نانه‌وه، به تایبه‌تی له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک که‌سی ناپێشمه‌رگه‌ی هاورده بۆ ناو ئوردوگاکان ئه‌و ئه‌رکه‌یان به‌رێوه ده‌برد. ئاخرین نمونه‌یان کرده‌وه‌ی رۆژی 20 سیپتامبر بوو که له راگه‌یاندنێکی جیاوازدا راستییه‌کان به ئاگاداری هه‌موان ده‌گات. به داخه‌وه ده‌بێ رایبگه‌یه‌نین که له ماوه‌ی ئه‌م پێنج حه‌وتوه‌ی دوای "کۆنگره12" حه‌وله‌کانی ئێمه بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، ته‌نانه‌ت پێکه‌وه مانه‌وه وه‌ک دوو باڵ به سه‌رکردایه‌تی هاوبه‌شه‌وه، له لایه‌ن هاورێیانه‌وه ره‌د کرایه‌وه. دوای ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی که له جیانحی به‌رابه‌رمان وه‌رمان گرتۆته‌وه‌و، دوای ئه‌و روداوه ناخۆشانه‌ی که به ناحه‌ق خوڵقێندران، که‌رت بوونی کۆمه‌ڵه به بڕیاری کۆنگره‌یه‌کی ناشه‌رعی، بۆته ئه‌مری واقیع. ئێَمه له‌وڕۆ به دواوه له ژێر ناوی "کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران_ره‌وتی چاکسازی و گه‌شه" وه‌ک حیزبێکی جیاواز کار ده‌که‌ین و ئه‌وه‌شمان به هاورێیانی به‌رابه‌رمان راگه‌یاندوه. ئێستاش رایده‌گه‌یه‌نین که ئێمه ئاماده‌ین جۆرێک له کاری هاوبه‌ش و نزیک له ئاڵقه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا مه‌ودای بۆ بڕه‌خسێ تا به‌ڵکوو ببێته هه‌وێنێک بۆ فراوان کردن و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو باڵه‌کانی کۆمه‌ڵه و ره‌وتی چه‌پ و رزگاریخواز له کوردستاندا. ئێمه پێشتر سه‌رخه‌تی روانگه‌کانی خۆمان له به‌یاننامه‌یه‌کدا به ئاگاداری هه‌موان گه‌یاندوه و له داهاتوی نزیکدا ئه‌و روانگانه وردتر شی ده‌که‌ینه‌وه و ده‌یانخه‌ینه به‌ر دیده‌ی هه‌موان. ئێستا ئه‌وه‌نده راده‌گه‌یه‌نین که خه‌تی گشتی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی چه‌پ، و کوردستانی وه‌ک ئاڵاهه‌ڵگری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و پارێزه‌ری مافی چه‌وساوه‌کان به خه‌تی خۆمان ده‌زانین. رێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران_ره‌وتی چاکسازی و گه‌شه |